کورد لە باکووری کوردستان داوای چی دەکەن: %19: سەربەخۆیی %41: ئۆتۆنۆمی

بەپێی راپرسییەک، کە لە 11 شاری کوردی باکووری کوردستان ئەنجامدراوە، 81.5%ی بەشداربووانی راپرسییەکە داوای قەوارەیەکی سیاسی دەکەن، هەروەها 92%ی بەشدارانی راپرسییەکە داوای پەروەردە بە زمانی کوردی دەکەن. ئەو راپرسییە لەلایەن کۆمپانیای سامەر SAMERلە شارەکانی ئامەد، ئاگری، ئیلەهـ، بەدلیس، چەولک، جۆلەمێرگ، مێردین، سێرت، روحا، شرناخ و دێرسم ئەنجامدراوە. ئەوەی بەلای سەرپەرشتیارانی ئەو راپرسییەوە جێی سەرنجە ئەوەیە کە 62%ی لایەنگرانی پارتی دادو گەشەپێدانAKPی دەسەڵاتداری تورکیا ، کە بەشدارن لەو راپرسییەدا بەهەمانشێوەی لایەنگرانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP و لایەنگری پارتە کوردییەکانی دیکە داوای قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد دەکەن. پارێزەر محەممەد ئەمین ئاکتار، کە راوێژکاری یاسایی دەزگای SAMERە، سەبارەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەو راپرسییە بە (رووداو)ی راگەیاند»کاتێک باسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکرێ، هەمیشە پرسیاری ئەوەی: کورد داوای چی دەکەن؟ دێتە ئاراوە، ئێمە لە رێگەی ئەو راپرسییەوە ویستمان لە گەلی کورد بپرسین کە داوای چی دەکات».

ئەمین ئاکتار ، راوێژکاری یاسایی SAMER:

 لەوانەیە ئەنجامی ئەو راپرسییە بەدڵی AKP و BDP نەبێت

ئێستا لە باکووری کوردستان BDP کە خاوەنی زۆرینەی دەنگدەرانە داوای ئۆتۆنۆمی دیموکراتی دەکات، هەرچی پارتی ماف و ئازادییەکان HAK-PAR و پارتی دیموکراتی بەشدار KADEPەن، کە ئەوانیش دوو پارتی کوردیی مۆڵەتپێدراون، داوای فیدرالی دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا. سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو راپرسییەش لەو 11 شارەدا محەممەد ئەمین ئەکتار دەڵێ «ویستمان بەپێی ئەم دیمۆگرافیایەی کوردستان کارێک ئەنجامبدەین. چونکە لەو شارانە عەرەب، تورک و هەروەها لایەنگرانی مەزهەبی شافیعی، عەلەوی و حەنیفیش هەن. هەروەها عیسەویش هەن، ویستمان داخوازییەکانی هەموویان بزانین». محەممەد ئەمین ئەکتار دەڵێ بەپێی ئەنجامی ئەو راپرسییە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کورد چیتر ئەو جۆرە ژیان و ئیدارەکردنەیان ناوێت کە ئێستا لە تورکیا هەیە»دەیانەوێ سیستمی بەرێوەبردنی تورکیا بگۆڕدرێ. هەندێکیان داوای ئۆتۆنۆمی، فیدرالی و سەربەخۆیی دەکەن، هەندێکیشی داوای ئیدارەیەکی لامەرکەزی بەهێزی هەرێمی دەکەن. بەڵام 80%ی کورد داوای قەوارەیەکی فەرمی دەکەن».
15%ی لایەنگرانی AKP داوای سەربەخۆیی کورد دەکەن
نەک تەنیا ئەندام و لایەنگرانی BDP داوای قەوارەیەکی فەرمی بۆ باکووری کوردستان دەکەن، بەڵکو لایەنگرانی کوردی حیزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای ئەو قەوارەیە دەکەن. محەممەد ئەمین ئاکتار دەڵێ 62%ی ئەوانەی لە شارەکانی باکووری کوردستان دەنگیان داوەتە AKP داوای قەوارەیەکی فەرمی بۆ کورد دەکەن، لەوانەش 15% داوای سەربەخۆیی دەکەن، 27% ئۆتۆنۆمی دیموکراتی، 7% فیدرالی، 13% داوای دەسەڵاتدانی زیاتر بە ئیدارەی ویلایەتەکان دەکەن.
20%ی لایەنگرانی BDPداوای سەربەخۆیی دەکەن
سەبارەت بە داواکاری ئەندام و لایەنگرانی BDP کە بەشداریان لەو راپرسییەدا کردووە، محەممەد ئەمین ئاکتار دەڵێ 20% داوای سەربەخۆیی دەکەن، 55% داوای ئۆتۆنۆمی دیموکراتی (دروشمی BDPو پارتی کرێکارانی کوردستانە) و 15% داوای فیدرالی دەکەن. بە گشتی 96%ی ئەندامانی BDP داوای قەوارەیەکی فەرمییان کردووە. بەگشتی ئەوانەی بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە 19%یان داوای سەربەخۆیی باکووری کوردستان دەکەن، 41% داوای ئۆتۆنۆمی دیموکراتی، 12% داوای فیدرالی و 9% داوای بەهێزکردنی دەسەڵاتی ویلایەتەکان دەکەن، واتە رێژەی 82% داوای ستاتویەکی یاسایی بۆ کورد دەکەن. ئاکتار دەڵێ «رەنگە ئەنجامی ئەم راپرسییە بەدڵی AKP و BDP نەبێ، بەڵام ئەوە داواکاری خەڵکە. پێمانخۆشە هەندێ راپرسی دیکەش بکرێن، چونکە ئەگەر ئەوە کرا ئەوا دەبێتە بەڵگەیەکی بەهێز و کەس ناتوانێ ئەوە رەتبکاتەوە کە کورد داوای ستاتویەکی یاسایی دەکات».
بۆچی کورد دەنگدەاتە AKP
هەرچەندە بەپێی ئەنجامی ئەو راپرسییە زۆربەی کورد داوای ستاتۆیەکی یاسایی دەکەن و 62%ی دەنگدەرانی AKPەش هەمان داواکارییان هەیە، بەڵام هێشتا AKP لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەری سەرەکی BDP یە لە باکووری کوردستان و دەنگی کورد بۆ خۆی دەبات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە AKP ئامادە نییە ستاتویەکی یاسایی و مافی پەروەردە و خوێندن بە کوردی قبوڵ بکات . محەممەد ئەمین ئاکتار لەوبارەوە دەڵێ «30%ی دەنگی ئاینپەروەر و پارێزکاران لەنێو کوردە. ئەو دەنگانە خاوەنیان هەیە. لەوانەیە لەبەرئەوەبێ کە وەک پارتێکی چەپ سەیری BDP دەکەن، بۆیە دەنگی پێنادەن و هەندێکیان دەنگدەدەنە AKP، هەندێکیش دەنگدەدەنە پارتی سەعادەت‌ و هەندێکی دیکەشیان دەنگدەدەنە هاس- پارتی».

ئەنجامی راپرسییەک لە 11 شاری باکووری کوردستان :

 %81ی بەشداربووان داوای دۆخێکی یاسایی دەکەن بۆ کورد لە تورکیا

بە بڕوای ئاکتار ئەگەر پارتێکی پارێزکار لە باکووری کوردستان دابمەزرێ و داوای ستاتۆیەکی یاسایی و خوێندن بە زمانی کوردی بۆ کورد بکات «لەوانەیە دەنگی AKP کەم بکاتەوە. یان ئەگەر BDP رێز لە ئاینداران بگرێ و دەرفەتیان بداتێ و لە نێو کادیر و سەرۆک شارەوانییەکانیدا هەبن، دەکرێ دەنگی ئەوانە بەدەستبێنێ»، هەروەها دەڵێ «BDP ئەگەر حیزبێکی کوردستانی بێ، دەتوانێ دەنگەکانی زیاتر بکات». دوای هاتنە سەر کاری APK، بەتایبەتیش لە پێنج ساڵی رابردوودا هەندێ هەنگاوی هاوێشت لەوانەش کردنەوی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی TRT6، رێگەدان بە کردنەوەی کۆرسی تایبەتی خوێندنی کوردی، کردنەوەی چەند بەشێکی خوێندنی کوردی لە چەند زانکۆیەکی تورکیا، راگەیاندنی «کرانەوەی دیموکراتی» بۆ چارەسەری کێشەی کورد، گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ، بەڵام لەم دوو ساڵەدا دەستی بە هەڵمەتێکی گرتنی چالاکڤانانی مەدەنی و بەرپرسانی BDP کرد بەتۆمەتی پەیوەندی هەبوون لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دا کە بەپێی ئامارەکانی ئەو حیزبە ژمارەیان 13 هەزار کەسە و بەپێی ئامارەکانی AKP یش ژمارەیان 5 هەزار کەسە. محمەممەد ئەمین ئاکتار دەڵێ «بنکەی جەماوەری لەو هەڵسوکەوتەی AKP ناڕازین، تەنانەت هەندێک لە پەرلەمانتارانیان بە خەڵکەکەیان گوتووە ئەو رێگەیەی AKP لە سەری دەڕوات راست نییە، ویژدانیان ئازاریان دەدات و زۆر تووڕەن»، هەروەها دەڵێ «دەوڵەت ئێستا دەڵێ لایەنی موخاتەب لە کوێیە؟ موخاتەب هەمووی لە نێو زیندانە. تۆ هەموو موخاتەبی خۆت فرێداوەتە نێو زیندان و باسی گفتوگۆش دەکەی».

Advertisements

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن /  تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن /  تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن /  تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن /  تغییر دادن )

درحال اتصال به %s