بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 1390ی هەتاوی دا 540 پیاو کە دەگووترێ زۆربەیان کوڕانی ژێر 15 ساڵن، دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.
«سەردار ئەحمەدی موقەدەم»، فەرماندەی پۆلیسی تاران بە ڕۆژنامەی شەرقی چاپی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی 1390ی هەتاوی دا، 900 سکاڵا سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە.
دەگووترێ کە لە سەتا شەستی قوربانیانی ئەو دەستدرێژییانە، کوڕانی ژێر 15 ساڵن.
ئەگەرچی لە شوێنەکانی تری جیهان، ژنان، زۆربەی هەرە زۆری قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی پێکدێنن بەڵام بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لە ساڵی 90ی هەتاوی دا، 540 پیاو کە زۆربەیان کوڕانی کەم تەمەنن لە ڕیزی قوربانیانی دەستدرێژی دابوونە.
شایانی باسە کە ئەو ئامارەی ئەحمەدی موقەدەم باسی دەکات، تەنیا هی پارێزگای تارانە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە هۆی داب و نەریتی کۆمەڵگا، زۆربەی قوربانیانی دەستدرێژی و یاخود بنەماڵەکانیان، لە هەر دوو ڕەگەز، هەوڵی شاردنەوەی ئەو چەشنە ڕووداوانە دەدەن.
ساڵی ڕابردوو، جگە لە دەستدرێژی بە تاک، چەند جار، دەستدرێژی بەکۆمەڵ، بۆ وێنە لە شارەکانی خومەینی شار، تاران و پارێزگای گوڵستان ڕوویدابوو و لە مێدیاکان دا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەنگیدابۆوە.