دوابەدوای ئەوە کە دادگای سزای تاوانه قورسهكانی شاری ئامەدی باکووری کوردستان سزای ١٤ ساڵ و نیوی بەسەر ئایسەل تۆغڵوک نوێنەری شاری وان لە پهرلەمانی تورکیا سەپاند، پەرلەمانی ئەورووپا کاردانەوەی توندی نیشاندا بەرانبەر بەم سزا قورسە.
وتەبێژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتی ئەورووپا پیتێر ئێستانۆ رایگەیاند کە سزایهکی وەها قورس کە دراوە بە پهرلەمانتارێکی کورد وای لە ئێمە کردووە کە بیری لێ بکەینەوە. لە بەردەوامی راگەیهندراوەکەیدا دەڵێت “ئێمە پشتگیری دەکەین لە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەم بڕیارانە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر نین و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رادەڕبڕینن، بۆیە داوا دەکەین لە تورکیا، بە یاسای بەرەنگار بوونەوەی تیرۆردا بچێتەوە، لەبەر ئەوەیهکە دادوەرەکان زەمینەیکی بەرفراوان لەبەر دەستیاندایە بۆ ئەوەی هەر کەس تۆمەتبار بکەن کە پشتگیری دەکات لە تیرۆر.”
ئایسەل تۆغڵوک دوای تەواو بوونی ئەم خولەی پهرلەمانی تورکیا دەبێت بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بچێتە زیندانەوە.