لاوانی شارەکانی ڤێسترۆس و سالا کۆنفراسی ساڵانەی خۆیان گرت و دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەشیان پێکهێنا

رۆژی شەممە ٢ی یونی، شاندێکی لاوانی شاری ڤێسترۆس بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی لاوانی شاری سالا سەردانی ئەم شارەیان کرد، ئامانج لە بەشدارییەکەش ئەوەبوو دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نوێی لاوانی

ڤێسترۆس لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنفراسی سالا دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەش پێکبێنن، کە ٦ لاوی ڤێسترۆس و ٣ لاوی سالا لە خۆ دەگرێت.

پێشتر و لە رێکەوتی ٢٧ی مای دا، لاوانی ڤێسترۆس کۆنفرانسی خۆیان بەستبوو و دەستەی کارگێڕی نوێیان بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو. هەر لەم کۆنفراسەدا بڕیاردرا لاوانی هەر دوو شاری ڤێسترۆس و سالا لە چوارچێوەی یەک دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەشدا کار بکەن. بۆیەش هەر لە کۆنفراسەکەدا بە هاودەنگی لەگەڵ نوێنەرانی سالا بڕیاردرا بۆ حەفتەی دوای کۆنفراسەکەی ڤێسترۆس لە شاری سالاش کۆنفرانس پێکبهێنرێت و لە ئەنجامی هەر دوو کۆنفراسەکەدا یەک دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەشی لاوان بۆ هەر دوو شار پێکبهێنرێت.

لە کۆنفرانسی لاوانی ڤێسترۆس دا، کە لە رۆژی ٢٧ی مای بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە دایک و باوکانی لاوانیش وێڕای لاوەکانیان بەشدار بوون. کۆنفرانسەکە بە یەک خولەک بی دەنگی بۆ گیانی سەربەرزی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد، پاشان فەخرەدین فەسیح عەنبی، بەرپرسی یەکێتی کوردانی ڤێسترۆس بە وتەیەک کۆنفراسەکەی کردەوە. لە بەشێکی تری کۆنفرانسدا راپۆرتی کار و چالاکی ساڵانەی دەستەی کارگێڕی پێشوو لە لایەن کەیوان جەباریان بەرپرسی لاوانی ڤێسترۆس و راپۆرتی بەشی ماڵی لە لایەن ئەفسوون سەفەوی بەرپرسی بەشی ماڵی لاوانی ڤێسترۆسەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بە کۆی دەنگ پەسند کرا. پاشان داوا لە لاوان و دایکان و باوکان کرا تێبینی و رەخنەکانی خۆیان بخەنەڕوو. لە بەشی کۆتایی کۆنفراسیشدا دەستەیەکی نوێی بەڕێوەبەری بۆ لاوانی ڤێسترۆس هەڵبژێردرا کە لەم لاوانە پێکهاتبوو: کەیوان جەباریان، نازدار دەرویشی، هونەر کەریمیان، ئەفسوون سەفەوی، ئاراس سەروەزان، سابیر مێهدی زادە.

لە کۆنفراسەکەی سالاشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوان و دایک و باوکان بەشدار بوون. کۆنفراسەکە بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، پاشان کاوس جەباریان بە وتەیەک کۆنفراسەکەی کردەوە، دواتر راپۆرتی کار و چالاکی و راپۆرتی بەشی ماڵی لاوانی ڤێسترۆس لە لایەن کەیوان جەباریان و ئەفسوون سەفەوی پێشکەش کرا. دواتر داوا لە لاوان و دایکان و باوکان کرا رەخنە و سەرنجەکانی خۆیان بۆ باشتر بوونی کارەکانی لاوان بخەنەڕوو. لە بەشی دوایی کۆنفراسەکەدا دەستەیەکی نوێی ٣ کەسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری لاوان لە سالا هەڵبژێردرا کە ئەم دەستەیە لە هەمان کات دا بە هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ لاوانی ڤیشترۆسیشدا کار دەکات. دەستەی کارگێڕیی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسی سالا لەم لاوانە پێکهاتبوو: موژدە عومەرپوور، ژیلا عەزیزی، کاروان کاشانی.

ئەنجامی کۆتایی هەر دوو کۆنفراس پاش دابەشکردنی ئەرکەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

کەیوان جەباریان- بەرپرسی لاوان

ئەفسوون سەفەوی- بەرپرسی بەشی ماڵی

نازدار دەرویشی و هونەر کەریمیان- بەرپرسی بەشی چالاکییەکان

سابیر مێهدی زادە و ژیلا عەزیزی- بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان

موژدە عومەرپوور- سکرتێر

کاروان کاشانی و ئاراس سەروەزان- بەرپرسی بەشی تەشکیلات و ئەندامان

بیان دیدگاه